سنە؛ بەهار زەنگی‌بەند مامۆستای زانکۆی ئازاد وانەوتنەوەی لێ قەدەغە کرا

19:38 - 30 خاکەلێوه 2723

بەهار زەنگی‌بەند، چالاکی مافەکانی ژنان و مامۆستای ڕاهێنانی لەش لە زانکۆی ئازادی سنە وانەوتنەوە لەم زانکۆیەی لێ قەدەغە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرەڕای ئەوەیکە وەزارەتی ئیتلاعات ئیزنی گەڕانەوە بۆ سەر کاری بەم مامۆستایە داوە، حەراسەتی زانکۆی ئازادی سنە بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی ناوبراو بە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا-ژینا ئەمینی و دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئیزنی وانەوتنەوەی پێ نەداوە.

ئەم مامۆستایەی خەڵکی سنە، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا-ژینا ئەمینی لە حەوشەی زانکۆی ئازادی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی بەهار زەنگی‌بەند ماڵەکەیان پشکنیوە و مۆبایل، لەپتاب و هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم چالاکە کوردە پاش دەسبەسەرکران، ڕۆژانە بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و شەوانەش بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزراوە.

بەهار زەنگی‌بەند بە هۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی مەرگی مەهسا_ژینا ئەمینی و دەرکردنی بەیانییە بۆ مەحکوومکردنی هەڵسوکەتی هێزەکانی تایبەت و دژەشۆڕش لەلایەن لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەوە بە "تێکدانی نەزمی گشتی" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.

بەهار زەنگی‌بەند ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە بەشیوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کراوە.