گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی موتەلب سەعیدپەیڕەو لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بانە

15:57 - 30 خاکەلێوه 2723

ڕێوڕەسمی چلەی کوژرانی ژینا-مەهسا ئەمینی ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە بەشداریی بەرچاو و نیشاندانی بەرخودانی بێوێنەی خەڵکی سەقز جارێکی دیکە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی لە سەقزەوە تا تاران گەیاندەوە لووتکە.

لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا لەم ڕۆژە و ڕۆژەکانی دواتریشدا خەڵک هاتنەوە سەر شەقام و ناڕەزایەتییەکان پەرەیان سەند. بانە یەکێک لەو شارانە بوو کە لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا ناڕەزایەتییەکی بەرچاو تێیدا دەستی پێ کردەوە. بانە یەکێک لەو شارە سنوورییانەیە کە بە هۆی دۆخی داسەپاوی ئەمنییەتی _ نیزامی لەلایەن حکوومەتەوە بەتوندی مێلیتاریزە کراوە کە کوردپا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاماژەی پێ کردبوو.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، سەرکوتی لانیزۆریی حکوومەت دژی خەڵک گەیشتە لووتکەی خۆی و تەنیا لە ڕۆژەکانی ٤ و ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا ١٢ کەس لە کوردستان بەدەستی هیزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا. موتەلب سەعیدپەیڕەو و فەرەیدوون فەرەجی لە گیانلەدەستداوانی شاری بانە بوون کە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەر کرانە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، باسی لە شێوەی قەتڵی حکوومەتیی موتەلب سەعیدپەیڕەو کردووە.

شێوەی قەتڵی حکوومەتیی موتەلب سەعیدپەیڕەو؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەر، پاش بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شاری بانە، هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان دەستیان بە تەقەی هەڕەمەکی کرد و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیان بریندار کرد، لەم نێوانەدا موتەلب سەعیدپەیڕەو بە شێوەی بەئەنقەست و بە بێ ئەوەی کە بەشداری ناڕەزایەتییەکان بێت کرایە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: موتەلب لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و لە نێو ماشینەکەی خۆیدا بوو، لە ناکاو دوو ماشینی هێزەکانی سپای پاسداران پێشیان پێ گرت، موتەلب سڵاوی لێ کردن و ئەوان بە بێ هیچ هۆکارێک سەرەتا شووشەی ماشینەکەیان بە دارێک شکاند و دواتر بە چەند فیشەکی ساچمەیی ناوبراویان بریندار کرد. موتەلب بە برینداری دەگاتە ماڵەکەی خۆی کە نزیک بە ٢٠٠ میتر لێی دوور بووە و پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات.

بەرکەوتنی جەستەی موتەلب بە فیشەکی ساچمەیی؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە درێژەدا وتی؛ ئەم ڕووداوە لە گەڕەکی "شۆرا" بەرانبەر بە کەڵانتەری ١٢ی بانە ڕووی دا و ساچمەکان خوار باڵی چەپیان پێکاوە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە هۆی توندیی برینەکانییەوە پاش نیو کاتژمێر گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: پزیشکی دادوەری لە بەڵگەی بەخاکسپاردنەکەدا هۆکاری مەرگی موتەلەبی زیان بەرکەوتن و پچڕانی سیەکانی لای چەپ و سکی ڕاگەیاندووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە هۆی بەربڵاویی ناڕەزایەتییەکان لە بانە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر تەرمی موتەلبیان بە بارمتە گرتووە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاری بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک، دەسبەسەر دەکرێن.

سکاڵای بنەماڵەی موتەلب سەعیدپەیڕەو و هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ وەرگرتنەوەی سکاڵاکە

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی یەکێک لە مۆرە خۆجێییەکانی سپای پاسداران بە ناوی "کەماڵ چۆمانی" پێشنیاری پێدانی ١٠ میلیارد تمەن پارەی نەختی و تۆمارکردنی ناوی موتەلب لە بونیاد شەهیدیان بە بنەماڵەی سەعیدپەیڕەو داوە بەڵام ئەم بنەماڵەیە بەتوندی ئەم داخوازییەیان ڕەت کردووەتەوە و خوازیاری سزادانی بکوژانی منداڵەکەیان بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە جەختی کردەوە: هێزە سەرکوتکەرەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سەعیدپەیڕەو کردووە کە لە ئەگەری وەرنەگرتنەوەی سکاڵاکەیان دەسبەسەریان دەکات و بە بارمتەیان دەگرێ.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتیشی: پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ساتی تەقەکردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە موتەلب، بەردەوام گوشارەکان بۆسەر بنەماڵەی ناوبراو درێژەی هەیە و تەنانەت ئەو کەسەش کە ڤیدیۆکەی بڵاو کردووەتەوە لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە و پاش مانگێک دەسبەسەری بە هۆی ئەوەی کە نەخۆش بووە ئازاد کراوە.

موتەلب سەعیدپەیڕەو؛

موتەلب سەعیدپەیڕەو کوڕی ڕەحمان و عایشە، لەدایکبووی ساڵی ٦١ی هەتاوی بووە.

ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.