ناڕوونیی چارەنووسی ئاروین نیک‌‌پەی و درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانی

10:44 - 29 خاکەلێوه 2723

ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی ئاروین نیک‌پەی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ کراوەتەوە و چارەنووسی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەم لاوە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە درێژ کراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ ئاروین تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ئەم لاوە کوردە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لەژێر گوشاردا بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمە، ئاروین نیک‌پەی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ"ی مەریوان پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕێبەندان، ئاروین نیک‌پەی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگویزرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە، نیوەشەوی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "نێ" و لەپتاب و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئاروین نیک‌پەی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.