سەقز؛ برینداربوونی خۆپیشاندەرێک لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ناجا

10:10 - 29 خاکەلێوه 2723

ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون لە گرتنگەدا بەتوندی ئازار و ئەشکەنجە دراون.

هێزە سەرکوتکەرەکان بە هەڕەشە و گوشارهێنان هەوڵیان داوە خۆپیشاندەران ناچار بە بێدەنگی بکەن تاکوو باس لە ئەشکەنجەکرانی خۆیان لە گرتنگەکاندا نەکەن.

لە سەقز، زێدی ژینا-مەهسا ئەمینی ڕێژەیەکی زۆری خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کران و لە گرتنگەکاندا کەوتنە ژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە؛ سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی یەکێک لەم خۆپیشاندەرە دەسبەسەرکراوانە بە ناوی "ئەمیرمحەممەد مورادی" کۆمەڵێک زانیاریی بە کوردپا گەیاندووە.

دەسبەسەرکرانی ئەمیرمحەممەد مورادی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەم خۆپیشاندەرە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ دەسبەسەر بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەمیرمحەممەد مورادی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ناجادا بەتوندی ئەشکەنجە کراوە و بە هۆی لێدانی بەردەوامی باتووم و شەق لاقی تووشی پچرانی ڕۆبات و تاندۆن بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: هێزە سەرکوتکەرەکان لە گرتنگەدا بەردەوام لە سەر، دەموچاو و ملی ئەم هاووڵاتییەیان داوە و دوو جار هەوڵی خنکاندنیان داوە.

برینداربوونی ئەمیرمحەممەد مورادی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: ئەم هاووڵاتییە لە پارکی ساحێلیی سەقز و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چەند شوێنێکی جەستەی بریندار بووە و نزیک بە ٢٠ فیشەکی ساچمەیی بەر کەوتووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە بەهۆی پچڕانی ڕۆبات و تاندۆنی لاقی لە ژێر ئەشکەنجەدا، پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

ئەمیرمحەممەد مورادی؛

ئەمیرمحەممەد مورادی کوڕی محەممەد و عەزیزە لەدایکبووی ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ یە.

ناوبراو دەرچووی کارناسیی باڵای بەشی جوغرافیای شارییە.