مەرگی زیندانییەک لە زیندانی ورمێ بە هۆی بێبەریبوون لە خزمەتگوزاریی دەرمانی

20:18 - 27 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە، زیندانییەک بە ناوی "عەبدوڵڵا بەدوی" خەڵکی گوندی "شەریف ئاوا"ی ورمێ بە هۆی بێبەریبوون لە خزمەتگوزاریی دەرمانی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەم زیندانییە تووشی نەخۆشیی دڵ و دیابێتە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکانی بێهداری لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەرمانی و نێردران بۆ مەرەخەسیی دەرمانی بێبەری بووە و لە کۆتاییدا ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

عەبدوڵڵا بەدوی جۆزەردانی ١٣٩٣ دەسبەسەر کراوە و لە دۆسییەیەکدا بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندان و لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو و دواتر حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرابوو.