گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی موحسن محەممەدی و پێشنیار بۆ تۆمارکرانی ناوی لە بونیاد شەهید

20:13 - 27 خاکەلێوه 2723

شاری دیواندەرە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان دژی حکوومەتی ئێران بوو و ڕێژەیەکی زۆر لە ناڕازییانی ئەم شارە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژران و بریندار بوون.

موحسن محەممەدی، فواد قەدیمی، حەبیبوڵڵا فەتحی و فواد سواری، چوار هاووڵاتیی خۆپیشاندەری خەڵکی دیواندەرە بوون کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە هەڕەشە و سەرکوت، سیاسەتی بێڕێزی و شکاندنەوەی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەکەیان لەبەر گرت تاکوو بتوانن ڕەوایی بە خۆیان ببەخشن.

شێوەی قەتڵی حکوومەتیی موحسن محەممەدی تا دزرانی تەرمەکەی؛

یەکێک لە نزیکانی موحسن محەممەدی لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: موحسن محەممەدی خۆپیشاندەرێک بوو کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ بە تەقەی فیشەکی جەنگی (کڵاشینکۆف) لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە کۆڵانی سپای ئەم شارە بریندار بوو و پاش چەند کاتژمێر لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: موحسن محەممەدی بە هۆی بەرکەوتنی گولـلە جەرگی بریندار بووە و لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ تا ١٧ی دوانیوەڕۆ لە نەخۆشخانەی دیواندەرە تەنیا خوێنی پێ دراوە و هیچ کارێکی دیکەی بۆ نەکراوە. موحسن کاتژمێر ١٧ی دوانیوەڕۆ گیانی لەدەست داوە بەڵام بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند کە ناوبراو زیندوویە و بۆ سنەیان ڕاگواست.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە کاتی گواستنەوەی موحسن محەممەدی بۆ سنە، هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنیان نەداوە تەنانەت پزیشکێکیشی لەگەڵ بێت و تەنیا هێزەکانی ئیتلاعات لە ئامبۆلانسەکەدا لەگەڵی بوون و کاتێ کە بنەماڵەکەی موحسن گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی سنە، گیانلەدەستدانی موحسنیان پێ ڕاگەیاندوون و تەرمەکەیان بۆ بەهەشتی موحەممەدیی گواستووەتەوە.

بەدواداچوونی بنەماڵەی موحسن محەممەدی و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی؛

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: پاش گیانلەدەستدانی موحسن محەممەدی، هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ پێشگرتن لە بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دیواندەرە، بە بێ هاواهەنگیی بنەماڵەکەی تەرمەکەیان بۆ بەهەشتی محەممەدیی سنە ڕاگواستبوو و پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تەرمی موحسن شەوانە ڕادەست کرایەوە و بە هەبوونی هێزە سەرکوتکەرەکان لە گۆڕستانی دیواندەرە بە خاک سپێردرا.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: لە ڕۆژی ڕێوڕەسمی چلەکەی موحسن محەممەدیدا پاش گەڕانەوەی خەڵک لە گۆڕستانی دیواندەرە، هێزە سەرکوتکەرەکان لەگەڵ ناڕازییان دەرگیر بوون و بە تەقەی فیشەکی ساچمەیی و فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ ناڕازییانی کردووەتە ئامانج.

پێشنیار بۆ تۆمارکردنی ناوی موحسن محەممەدی لە بونیاد شەهید و پێدانی پارە لە بەرانبەر بێدەنگیی میدیاکان؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا وتی: دوو ڕۆژ دوای گیانلەدەستدانی موحسن محەممەدی، ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشنیاری تۆمارکردنی ناوی ناوبراویان لە بونیاد شەهیددا بە بنەماڵەکەی داوە و بە باوکی موحسنیان ڕاگەیاندووە کە سێ بەرابەری ئەو شتەی کە بتانەوێ پێتان دەدەین، بەڵام بنەماڵەی محەممەدی ئەم پێشنیارەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان ڕەت کردووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە بکوژی منداڵەکەیان دەوێ. بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییەتیش لە دانیشتنی دادگای حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانیان بە هۆکاری گیانلەدەستدانی موحسن ناو بردووە.

موحسن محەممەدی؛

موحسن محەممەدی کوڕی خەڵیفە مەسعوود و ڕابێعە، لەدایکبووی ٩ی پووشپەڕی ١٣٦٩ و سەرقاڵی کاری دێکۆراسیۆن داخڵی بوو.