ناڕوونیی چارەنووسی پووریا جەواهری، هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "موحاربە" لە زیندانی کامێران

10:42 - 26 خاکەلێوه 2723

پووریا جەواهری، هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "موحاربە" کە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ پاش بانهگێشتکران بۆ ئیتلاعاتی سپای کامێران دەسبەسەر کرابوو، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی ئەم شارەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ پاش زیاتر لە دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پووریا جەواهری بە چاوەدێریی چڕ و بە دەست و پێی بەستراو بۆ شەقامی ١٢ میتریی کامێران ڕاگوێزراوە و لە لێپرسینەوەدا هەڕەشەی بەشداریکردن لە سێناریۆی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان"یان لێ کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دادسەرای گشتی و ئینقلاب ئەم هاووڵاتییەی بە "موحاربە" لە ڕێگەی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران مەحکووم کردووە، بەڵام دەیان هاووڵاتیی کامێرانی بە واژۆی نامەیەک بۆ دادگای ئەم شارە باسیان لەوە کردووە کە پووریا جەواهری لە کاتی کوژرانی ئەم ئەندامەی سپادا لە کۆمپانیایەکی قیرتاوکردن لە گوندی "تیلەکۆ" بووە.

بەفرانباری ١٤٠١، بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنە سەبارەت بەم دۆسییەیە بە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی ڕاگەیاندبوو: حوکمی دەسبەسەرکران بە تۆمەتی موحاربە بۆ "پووریا جەواهێری" دەر چووە و لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێران دۆسییەی بۆ کراوەتەوە و ناوبراو لە لقی لێپرسینەوەدا دانی بە تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان داناوە و وتوویەتی کە چەکەکەی لە کەسێکی دیکە وەرگرتووە کە ئەو کەسەش دەسبەسەر کراوە.

پووریا جەواهری کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ڕاگیرانی خۆی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی شاری سنە کردبوو و لە کاتێکدا کە ویستبووی سەبارەت بە ئەشکەنجەکران و شکانی قەفەسەی سینگی لە کاتی لێپرسینەوەدا زانیارییان پێ بدا، لێپرسەکان پێوەندییەکەیان لێ پچڕاندووە.