ڕادا فاتحی، خوشکی ڕامین فاتحی، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکان بانگهێشتی دادگای کەیفەریی سنە کرا

23:00 - 25 خاکەلێوه 2723

ڕادا فاتحی، خوشکی ڕامین فاتحی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی دادگای کەیفەریی سنە کرا.

یەکێک لە نزیکانی ڕادا فاتحی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند؛ بەڵگەی بانگهێشتی ڕادا فاتحی ڕۆژی ٦ی خاکەلێوە دەر کراوە بەڵام ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوە پێی گەیشتووە و ناوبراو بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" دەبێ ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خاکەلێوە لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریدا ئامادە بێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، ڕادا فاتحی لەگەڵ دوو براکەی بە ناوەکانی ڕامین و وریا فاتحی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران.

٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠١، ڕامین فاتحی لە ژێر ئەشکەنجەدا لە گرتنگە گیانی لەدەست دا. هێزە ئەمنییەتییەکان هۆکاری مەرگەکەیان "خۆکوژی" ڕاگەیاند و بە نهێنی لە بەهەشتی محەممەدیی سنە تەرمەکەیان ئەسپەردەی خاک کرد.

ڕادا فاتحی و وریا فاتحی پاش ٢١ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کران.