بانگهێشتی مورتزا سەیدی بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار

16:57 - 24 خاکەلێوه 2723

مورتزا سەیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران، بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شەهریار کراوە.

مورتزا سەیدی بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خاکەلێوە پێی گەیشتووە بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ  لەژێر ناوی سەندیکای کرێکاری بە وێژمانی کۆمۆنیستی بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" دەبێ ڕۆژی ٦ی گوڵان لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار ئامادە بێت.

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕەزبەری ١٤٠١، هەر بەم تۆمەتە بانگهێشتی لقی یەکی دادگای کەیفەری ٢ی شاری قودس کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گوڵانی ١٤٠١، مورتزا سەیدی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

مورتزا سەیدی ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوە هاوکات لەگەڵ چەند چالاکی کرێکاریی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.