سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی فەریبا زەندکەریمی، مامۆستا و چالاکی مافەکانی ژنان

21:07 - 23 خاکەلێوه 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە، فەریبا زەندکەریمی، مامۆستا و چالاکی مافەکانی ژنان هێشتا دەسبەسەرە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستایە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک بۆ بەرگری لە فەریبا زەندکەریمی ڕایگەیاندووە: "ئەم ئەنجومەنە وێڕای پشتگیری لە فەریبا زەندکەریمی خوازیاری ئازادیی ناوبراو و کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی نایاسایی و تێکەڵ بە زۆرە و باوەڕی وایە هەڵسوکەوتی پۆلیسی و ئەمنییەتی لەگەڵ چالاکانی سێنفی و مەدەنی هەڵەیە."

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، فەریبا زەندکەریمی پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکرانی ئەم چالاکە سێنفییە هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەشێک لە کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو هیچ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.