پەرهام پەروەری، وەرزشکاری تۆمەتبار بە "موحاربە" بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا

20:57 - 23 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ئەندازیار پەرهام پەروەری، تۆمەتبار بە "موحاربە" و خەڵکی سەقز لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەم وەرزشکارە کوردە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ کوردپا ڕایگەیاند؛ پەرهام پەروەری لەگەڵ ٣٥ زیندانیی دیکە لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بڕیار بوو دانیشتنی دادگایی پەرهام ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکاری نادیار بەڕێوە نەچووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتی زیندانی ئێڤینەوە بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی "فشافوویە" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری"دوای حەوتوویەک ڕاگیران لە زیندانی "فشافوویە"وە بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری"  ٢٥ ساڵە و دەرچووی ڕشتەی ئەندازیاریی مکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران کاری کردووە.