سەقز؛ چاوی کامران سەبۆکڕوو دیسان پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە

18:32 - 23 خاکەلێوه 2723

٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، شاری سەقز گۆڕەپانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بوو. لەم ڕۆژەدا فەرەیدوون مەحموودی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان کوژرا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کوردپا دەرکەوتووە کە زیاتر لە ٢٧ هاووڵاتیی کورد کە ژمارەیەکیان تەنیا بینەری ناڕەزایەتییەکان بوون، بریندار کراون. کامران سەبۆکڕوو لاوی ٣٤ ساڵەی خەڵکی سەقز یەکێک لەم کەسانەیە.

برینداربوونی کامران سەبۆکڕوو بە ٦٠ فیشەکی ساچمەیی؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کامران لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سێڕێیانی جامیعەی سەقز، خەریکی تەماشاکردنی ناڕەزایەتییەکان دەبن کە لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە بە ٦٠ فیشەکی ساچمەیی دەکرێنە ئامانج و سەر و دەموچاو و جەستەیان بەتوندی بریندار دەبێ.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دوو ماتۆڕسوارەکە پاش تەقەکردن شوێنەکە بەجێ دێڵن و هەڵدێن و بنەماڵەی کامرانیش ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی سەقز دەگوازنەوە بەڵام بە هۆی توندیی برینەکانی چاوی کامرانەوە، بنەماڵەکەی ناچار دەبن کە بۆ نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێزی بگوازنەوە.

لە فیشەکە بەجێماوەکان لە سەر و دەموچاو و جەستەی کامران هەتا پێویستیی چەندبارەی بە نەشتەرگەری؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ نزیک بە ٦٠ فیشەکی ساچمەیی بەر سەر و دەموچاو و جەستەی کامران کەوتووە و تاکوو ئێستا پزیشکان توانیویانە تەنیا ٣ فیشەکی ساچمەیی لە چاوی دەربێنن، بەڵام باقی ساچمەکان هێشتا بەجێ ماون.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێ: سێ فیشەکی ساچمەیی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەر چاوی کامران کەوتووە کە تۆڕی چاوی لە سێ لاوە لەنێو بردووە و هەر سێ ساچمەکەش ٢ تا ٢و نیو میلیمیتر چوونەتە نێو چاویەوە. هەروەها فیشەکێکیش تەنیشت چاوی پێکاوە و تەنیا لە دەوروبەری چاویدا ١٥ فیشەکی ساچمەیی هەیە.

سەرچاوەکەی کوردپا ڕایگەیاند؛ کامران سەبۆكڕوو پێویستی بە نەشتەرگەریی چاو هەیە و بۆ هۆی نەبوونی توانایی ماڵی تاکوو ئێستا نەیتوانیوە نەشتەرگەرییەکەی بکات.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە؛ کامران ئێستا لە لێنز کەڵک وەردەگرێ و بە وتەی پزیشکەکان پاش چەندین نەشتەرگەری و بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێ هێزی بینینی پەیدا بکاتەوە.

بانگهێشت و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆسەر کامران و بنەماڵەکەی؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ؛ دوای دوو مانگ لە تەقەی هێزە ئەمنییەتی – سەرکوتکەرەکان، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بانگهێشتی کامران و بنەماڵەکەی بۆ ئیتلاعاتی سپا دەستی پێ کرد. ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە باوکی کامرانی وتووە کە سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە بکەن. پاش چوونی کامران بۆ ئیتلاعاتی سپا بە نووسین، وتن و ڤیدیۆ لێپرسینەوەیان لە ناوبراو کردووە.

کامران سەبۆکڕوو، لەدایکبووی ڕێبەندانی ٦٧ و کوڕی محەممەد و فریشتەیە و کرێکارە.