کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری گادەر

22:56 - 13 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەینی قادرنژاد"، کوڕی نادر خەڵكی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری گادەر گیانی لەدەست دا.

هەر لەم ڕووداوەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "محەممەدلەتیف خالدی"، تەمەن ٥١ ساڵ کوڕی سۆفی تەها، خەڵکی "چریاوا"ی مەرگەوەڕ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "محەممەدسدیق خالدی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی سۆفی تەها و "شەهرام ساڵح محەممەدی" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی "چریاوا" لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی :هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە گومانی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم دوو هاووڵاتییە کردووە.

تەرمی عەینی قادرنژاد بۆ پزیشکی دادوەریی شاری نەغەدە ڕاگوێزراوە.

وێنە: عەینی قادرنژاد