پووچەڵکردنەوەی مین لە شاری قەسری شیرین، بوو بەهۆی برینداربوونی کەسێک

10:58 - 22 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، یەکێک لە ئەندامانی گرووپێکی مینهەڵگرەوە لە کاتی کۆکردنەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، هەر دوو دەست و دەموچاوی بەهۆی تەقینەوەی مین، بریندار بوو.

هەواڵدەریی فارس لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ئەو ئەندامەی گرووپی مینهەڵگرەوە تەمەنی ٤٥ ساڵە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەبولفەزڵی عەباس کراوە و دواتر بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری کرماشان ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی شاری قەسری شیرین بڵاوی کردووەتەوە کە دەستی چەپی لەلای مەچک و قامکەکانی دەستی ڕاستی لەو ڕووداوە، قرتاوە.

شاری قەسری‌شیرین  بە حەشیمەتی ٢٧ هەزار کەسی لە ڕۆژاوای شاری کرماشان هەڵکەوتووە و ١٨٦ کیلۆمێتر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق سنووری هاوبەشی هەیە.