مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی بە دانانی بارمتە لە زیندانی هەمەدان ئازاد کرا

00:59 - 22 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، پێشنوێژی مزگەوتی خاتەمولئەنبیای شاری جوانڕۆ بە دانانی بارمتە لە زیندانی هەمەدان ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا کوردە لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە ١٧ ساڵ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بە ئەردەبێڵ و وەرگرتنەوەی جلی مامۆستایەتی مەحکووم کرابوو.

ئەم مامۆستا ئایینییە بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە مەکتەب قورئانی کوردستان" بە ٦ ساڵ زیندان، "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" بە ١٥ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی تەناهیی وڵات" بە ٦ ساڵ زیندان، "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٥ مانگ زیندان  و لێدانی ٧٤ قامچی و وەرگرتنەوەی جلی مامۆستایەتی و بە ٢ ساڵ دوورخرانەوە  بۆ ئەردەبیڵ مەحکووم کرابوو.

ئەم حوکمە ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە بنەماڵەی ئەم مامۆستایە ڕاگەیەندراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی سەماوەزی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان

هێرشیان کردە سەر ماڵی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی و لە ڕێگەی بەکارهێنانی زۆر و توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی چوونەژوورەوە دەستی "خاتون قادری"، هاوسەری مامۆستا سەیفوڵلایان شکاندبوو بۆیە ناوبراو بەپەلە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرابوو.

ئەم مامۆستایە پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشان و دواتر بۆ زیندانی هەمەدان ڕاگوێزرابوو.

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی مامۆستا سەیفوڵڵا ، خەڵکی جوانڕۆ لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارەدا کۆ بوونەوە و خوازیاری ئازادیی بەپەلەی ئەم مامۆستا کوردە بوون.

مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستانە.