سەقز؛ سلێمان عەبدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

21:11 - 21 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سەقز پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگویزرا.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سەقز و زێویە پاش دەسبەسەرکرانی سلێمان عەبدی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دەسبەسەرکرانی ئەم مامۆستا بەئەزموونەیان بەتوندی مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی بێمەرجی ناوبراو بوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سلێمان عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سلێمان عەبدی و دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ناوبراودا مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١دا قەرارێک لە دادگای سەقز دەرکرا و بەو پێیە بەڵگەیەک بۆ بەتاوانبارناسینی سلێمان عەبدی دەست نەکەوت.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چالاکە سێنفییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.