ئومید شامحەممەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی بیجاڕ ڕاگوێزرا

10:05 - 21 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوە، ئومید شامحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ دیواندەرە و مامۆستای دەرسی ژینگەناسی (زیست شناسی) بەمەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی بیجاڕ ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە سێنفییە ساڵی ١٤٠١ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعلیقی و یەک ساڵ زیندانی تەعزیزی گۆڕدرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٨ی خەرمانانی ١٤٠١، ئومید شامحەممەدی پاش ٧٦ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتی بە دانانی بارمتەی یەک و نیو میلیارد تمەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی دیواندەرە، ئەم چالاکە سێنفییەیان دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئومید شامحەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٧یش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر ئەم چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرابوو.