زیندانی سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەفیق سەلیمی

09:59 - 21 خاکەلێوه 2723

ڕەفیق سەلیمی هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، چارەنووسی ناڕوونە و لە بەشی دابڕگەی زیندانی ئەم شارەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەفیق سەلیمی لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا تەنیا یەک جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی سەلیمی و دابینکردنی بارمتە بۆ ئازادیی کاتیی کوڕەکەیان، دادگا ئەم داخوازییەی قەبووڵ نەکردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بنەماڵەی ڕەفیق سەلیمی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە دۆخی کوڕەکەیان سەردانی دادگایان کردبوو کە پێیان ڕادەگەیەنرێ کە ناوبراو بە "افساد فی ‌الارض" تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، ڕەفیق سەلیمی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.