چاوەکانی کارۆ فەیزی لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا بەتوندی بریندار بووە

09:52 - 21 خاکەلێوه 2723

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کوردپا، ڕێژەیەکی بەرچاوی ناڕازییان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی کوردستاندا بە تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکان دەموچاو و چاویان بەتوندی بریندار بووە.

کارۆ فەیزی خەڵکی سەقز لەو ناڕازییانەیە کە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی محەممەد حوسێنزادە، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان لە مەودای نزیکەوە کراوەتە ئامانجی چەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان و چاوی بەتوندی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کارۆ پاش برینداربوون بۆ نەخۆشخانەی فارابی ڕاگوێزراوە و تاکوو ئێستا ٧ جار نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام تەنیا تا دوو میتر توانای بینینی هەیە و زیاتر لەوە نابینێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کارۆ سەرەڕای برینداربوونی چاوەکانی، زیاتر لە ٥٠٠ ساچمە بەر جەستەی کەوتووە و ئێستاش ساچمەکان لە جەستەیدا ماونەتەوە.

کارۆ فەیزی، بە نێونجی ١٨ دیپلۆمی تەجرۆبیی هەیە، لەدایکبووی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٨١ە و ئەندامی باشگای فووتباڵی نەورۆزی سەقز بووە.