چاوی ڕاستی مەسعوود ڕەحیم پوور لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بەتوندی بریندار بووە

09:55 - 20 خاکەلێوه 2723

شاری سەقز، زێدی ژینا-مەهسا ئەمینی، پاش مەرگی ناوبراو لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١دا بووە ناوەندی بزوووتنەوەیەکی ئینقلابی دژی حکوومەتی ئێران.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە سەقز ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، یەکەمین خۆپیشاندەری ئەم شارە بە ناوی فەرەیدوون مەحموودی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی بە شەو و بە بێ هیچ ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردرا.

دەیان هاووڵاتیی خۆپیشاندەر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لە شاری سەقز بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاو، سەر، دەموچاو، دەست و لاقیان بریندار بوو و ژمارەیەکیشیان بینایی چاوەکانیان لەدەست دا.

مەسعوود ڕەحیم پوور یەکێک لە خۆپیشاندەرانی سەقزە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی ڕاستی بەتوندی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، شێوازی برینداربوونی ئەم خۆپیشاندەرەی بەم شێوە گێڕاوەتەوە.

شێوازی برینداربوون لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، شەوی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە گەڕەکی کەریم ئاوای سەقز بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەستی پێکرد. هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودای نزیکەوە بە چەکی شادگان خۆپیشاندەرانیان دەکردە ئامانج و لەم کاتەدا بوو کە مەسعوود ڕەحیم پوور و چەند کەسی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: مەسعوود ڕەحیم پوور لە ترسی دەسبەسەرکران پاش تێپەڕبوونی ٣٦ کاتژمێر دەچێتە نەخۆشخانەی خومەینیی سەقز و پاش پشکنین لەلایەن پزیشکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز.

ئەم سەرچاوەیە وتی: تاکوو ئێستا ٣ جار نەشتەرگەری بۆ چاوی مەسعوود کراوە و توانای بینینی چاوی ڕاستی کەمتر لە ٢٠ لەسەدە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: نزیکەی ١٥٠ ساچمە بەر بەشی ڕاستی جەستەی مەسعوود کەوتووە و سەرەڕای سێ جار نەشتەرگەری دەبێ دیسانەوە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: لە درێژەی چارەسەریی پزیشکیی مەسعوود لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێزدا، نزیکەی ٢٠٠ هاووڵاتیی ناڕازیی برینداربووی خەڵکی شارەکانی سەقز، بۆکان، پیرانشار و جوانڕۆ گوازراونەتەوە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە.

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆسەر مەسعوود ڕەحیم پوور و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە ناوبراو،

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ناوەندە ئەمنییەتییەکان پاش برینداربوونی ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشارەوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان پاش بانگهێشتی مەسعوود بە هەڕەشە ناچاریان کردووە تۆبەنامە واژۆ بکات کە چیدیکە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری ناکات.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەسعوودیان وتووە کە لە ئەگەری واژۆنەکردنی بەڵێننامەکەدا دەبێ وەکوو سزا بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەن پارە بدات کە ناوبراو بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە ناچار بە واژۆکردنی بەڵێننامەکە بووە.

مەسعوود ڕەحیم پوور خەڵکی سەقز، کوڕی محەممەد، لەدایکبووی ١٣٦٨ە و گەچکار بووە.