خنکانی دوو کۆڵبەر لە بەنداوی کێلەی بانە

10:33 - 19 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خاکەلێوە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "ئەفشین فەلاحی" تەمەن ٢٢ ساڵ و "مێهدی ڕەحمەتی" تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی سەقز لە بەنداوی کێلەی بانەدا خنکان.

لەکاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٥شەممە ١٧ی خاکەلێوە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەم دوو کۆڵبەرە دەستیان پێکرد بەڵام تاکوو ئێستا بە هۆی زۆربوونی ڕووبەر و ڕێژەی ئاوی بەنداوەکە  هەوڵەکان بێ ئاکام ماونەتەوە.

باوکی ئەفشین فەلاحی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی دەڵێ: کوڕەکەی بۆ کۆڵبەری ڕۆیشتبووە سنووری بانە و دوای ئەوە ئاگای لێ نەماوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی١٣٩٠ەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٤٠١، بەگشتی ١٩٥٦ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێراندا کوژراون و بریندار کراون.