ئیلام؛ سەجاد مورادی وەندان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:50 - 17 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، سەجاد مورادی‌ وەندان هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا زیاتر لە ١٠ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سەجاد مورادی وەندان لە ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام بە دوورینەوەی لێوەکانی دەستی دابووە مانگرتنەوە.

ناوبراو سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی دۆخی خۆی دەستی دابووە مانگرتنەوە کە دوای بەڵێنی بەرپرسانی دادگوستەریی ئیلام بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سەجاد مورادی وەندان لە شاری مەسجدسلێمان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

تاکوو ئێستا لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.