ئاودانان؛ هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆسەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، هێزە سەرکوتکەرەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەحید چاوران" خەڵکی شاری سەراوباخی ئاودانان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان بردووەتە سەر ماڵەکەی بەڵام نەیانتوانیوە دەسبەسەری بکەن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١یشدا، هێزە سەرکوتکەرەکان بە کەڵکوەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە کە دوابەدوای ئەم هێرشە ئەندامانی بنەماڵەی وەحید لەوانە دوو خوشکی کە دووگیان بوونە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە؛ هەر لەو ڕۆژەدا هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ دەسبەسەرکردنی وەحید هێرشیان بردووەتە سەر دامدارییەک کە هی باوکی وەحیدە.
تاکوو ئێستا ٤ جار هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ دەسبەسەرکردنی وەحید چاوران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو.