کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدراوەدراو بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرا

17:46 - 10 خاکەلێوه 2723

فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو بانگهێشتی لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرا.

ناوبراو بە تۆمەتی "خراپکردنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە" بانگهێشت و لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەدا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دراوە کە بۆ ئاخرین بەرگری، خۆی بە لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بناسێنێ.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٥ شەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ڕۆژێک پێش لەسێدارەدرانی باوکی لە زیندانی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.

کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە و ناوبراوی لە شوێنێکی نادیاردا ئەسپەردەی خاک کردووە.

ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی شاری نەغەدە بە دەرکردنی بەڵگەی کۆچی دوایی بۆ مەحیەدین ئیبراهیمی هۆکاری مەرگەکەی "سزای یاسایی" ڕاگەیاندووە.