چیرۆکی قەتڵی حکوومەتیی حوسێن عەبدپەنا و پێشنیاری تۆمارکردنی ناوی لە بونیاد شەهید

12:06 - 9 خاکەلێوه 2723

حوسێن عەبدپەنا یەکێک لە گیانلەدەستداوانی شاری سنەیە، کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ژن، ژیان، ئازادی، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە گیانلەدەستداوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی ناوبراوی بەم چەشنە باس کرد.

لە ڕەوتی ڕاپەرینی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ٢٠ هاووڵاتیی خۆپێشاندەر له شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانیان لەدەست داوە.

چۆنیەتیی ڕوودانی قەتڵی حکوومەتیی حوسێن عەبدپەنا؛

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، حوسێن عەبدپەنا لە مەسکەن مێهر لە شارەکی بەهارانی سنە، بە گولـلەی ساچمەیی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانی لەدەست دابوو.

بەوتەی یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی عەبدپەنا، حوسێن عەبدپەنا بەهۆی بەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر گولـلەی ساچمەیی لە پشتی، دەسبەجێ گیانی لەدەست دابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: تەرمی حوسێن عەبدپەنا پاش گیانلەدەستدانی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرابوو و پاش ٢٤ کاتژمێر، کاتژمێر ١٠:٣٠ ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا، دەڵێت: لە ئەنجامی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا، تەرمی ئەو هاووڵاتییە خۆپێشاندەرە بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵەی و بە بێدەنگی و دوور لە کۆبوونەوەی خەڵک، لە بەهەشتی محەممەدیی سنە، ئەسپەردەی خاک کرا.

پێشنیاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی حوسین عەبدپەنا بۆ تومارکردنیان وەکوو بنەماڵەی شەهید لە بونیادی شەهید؛

ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپا ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشنیاری ناونووسکردنی حوسطن عەبدپەنا لە ئورگانی بونیاد شەید بە بنەماڵەکەی دەدەن،، بەڵام ئەندامانی بنەماڵەی عەبدپەنا، ئەو داواکارییەی ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت پێشنیاری پارەی گۆڕەکەی حوسێن عەبدپەنا، ڕەت دەکەنەوە.

حوسێن عەبدپەنا؛

حوسێن عەبدپەنا کوڕی مورادعەلی و شاسوڵتان و لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٩ لە شاری سنەیە. ناوبراو شوفیری ئیدارەی ڕێگاوبان بوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمەڕ کەسایەتیی عەبدپەنا ڕایگەیاند: حوسین مرۆڤێکی لەسەرەخۆ و زەحمەتکێش بوو کە لە ئیدارەی ڕێگاوبان کاری دەکرد، هەمیشە لەنێو جاددەدا بوو و کارەکەی زۆر قورس بوو، سەرەڕای قورسیی کارەکەی، هیچکات پێشنیاری ئەو ناوەندەی بۆ قەبووڵکردنی کاری حکوومەتی قەبووڵ نەکرد و دەیگوت من لەو نانانەم هەتا ئێستا نەخواردووە و لەمە بەدواوەش نایخۆم.

بەوتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، حوسێن عەبدپەنا، بۆ ماوەی حەفتەیەک بە شێوەی چالاک بەشداریی خۆپیشاندانەکانی کردبوو.