محەممەد قادرپوور بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

17:42 - 7 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، محەممەد قادرپوور، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمەکانی ئەو شارە، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، محەممەد قادرپوور کوڕی عەلی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە، ئازاد کرابوو.