کرماشان؛ سینا کاکی بە زیندان و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا

17:37 - 7 خاکەلێوه 2723

سینا کاکی، یەکیک لە دەسبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، بە ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلییەکان، مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و هەروەها بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٣ی یاسای سزای ئیسلامی، بە ماوەی ٢ ساڵ سزای نەچوونەدەرەوە لە ئێران، مافی ئەندامبوون لە حیزب و گرووپ و دەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

سینا کاکی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی سینا نادری، لە گیانلەدەستداوانی خۆپیشاندانی کرماشان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠١، سینا کاکی خەڵکی کرماشان، بۆ دووهەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.