گۆڕینی تۆمەتەکانی ژینا مودەڕس گورجی بۆ "دروستکردنی گرووپ بەمەبەستی ڕووخان"

15:57 - 6 خاکەلێوه 2723

ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان کە لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا باسی لە گۆڕدرانی تۆمەتەکەی بۆ "دروستکردنی گرووپ بەمەبەستی ڕووخان" کرد.

ژینا مودەڕس گورجی ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ بەمەبەستی ڕووخان"ی پێ ڕاگەیەندراوە و چاوەڕێی دانیشتنی دادگا دوابەدوای بەرگریی پارێزەرەکەیەتی. ناوبراو پێشتریش جارێک بە کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و جارێکیش بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام تۆمەتبار کرابوو.

ئەم چالاکەی بواری ژنان، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە بەندی ژنانی سنە لە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئێستا لێپرسی دۆسییەکەی بارمتەکەی بۆ یەک میلیارد تمەن بەرز کردووەتەوە.

ژینا پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا "ئیتر خۆر بە چاوی خۆت نابینی".