دوو هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەیان بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران

09:44 - 6 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحمان قادری" کوڕی کەریم خەڵکی پیرانشار و "ئەنوەر شێخە" کوڕی عەلی خەڵکی "پەسوێ" بەمەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی زیندانییەکەیان بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران.

ڕەحمان قادری لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێ. ئەم حوکمە لە خەرمانانی ١٤٠١ دا بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، ڕەحمان قادری بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کراوە.

ئەنوەر شێخە ساڵی ١٤٠١ لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ و ٧ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، ئەنوەر شێخە خەڵکی پەسوێی پیرانشار بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.