کوژران و برینداربوونی ٢٢٥ کۆڵبەر لە ساڵی ١٤٠١

23:32 - 4 خاکەلێوه 2723

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ساڵی ١٤٠١دا ٢٢٥  کۆڵبەر لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و بریندار کراون کە ٦ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و ئەگەری هەیە ئامارە ڕاستەقینەکە لەمە زیاتر بێت.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ساڵی ١٤٠١دا، بەگشتی ٢٢٥ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار کراون. (٢٩کوژراو، ١٩٦ بریندار)

شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی ئێران: ١٧٧ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ٢٠ حاڵەت

تەقینەوەی مین: ٤ حاڵەت

سەرمابردوویی و گیرۆدەبوون لە بەفر و بۆران: ٢ حاڵەت

بەربوونەوە بۆ نێو ڕووبار لە کاتی کۆڵبەری: ١ حاڵەت

ڕووداوی هاتوچۆ لە کاتی کۆڵبەری: ١٤ حاڵەت

زیاترین ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەران بە پێی ناوچە سنوورییەکان (بە ڕیز):

یەکەم: پارێزگای کرماشان، ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە ٤٧ لەسەد، زیاترین ڕێژەی قوربانییانی کۆڵبەریی هەیە.

دووهەم: ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە بە ٣٥ لەسەدەوە.

وردەکاریی کوژران و برینداربوونی منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ:

فەرهاد مینایی، ڕامین باواجانی، ئامانج ئازەرپوور، سینا نادری و مانی حەبیبی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵن کە لە ناوچە سنوورییەکاندا و بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کراون، هیوا ئێختیارەدینی لەو منداڵە کەمتر لە ١٨ ساڵانەیە کە بە هۆی سەرماوە لە سنوووری "هەنگەژاڵ"ی بانە گیانی لەدەست داوە.

ڕێژەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندارکراو بە جیاکردنەوەی پارێزگاکان:

کرماشان؛ ٤٧ لەسەد، شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی زیاترین ڕێژەی کۆڵبەرانی لەخۆ گرتووە.

کوردستان؛ ٣١ لەسەد، شارەکانی بانە و سەقز زیاترین ڕێژەی کۆڵبەران لەخۆ دەگرێت.

ورمێ؛ ١٢ لەسەد، شارەکانی سەردەشت و پیرانشار زیاترین ڕێژەی کۆڵبەران لەخۆ دەگرێت.

نادیار؛ نیشتەجێبوونی ٩ لەسەدی کۆڵبەران نادیار بووە و هۆکارەکەشی بوونی ئەو کۆڵبەرانەیە کە لە شارەکانی دیکەوە لە ناوچە سنوورییەکاندا کۆڵبەری دەکەن.

لێکدانەوەی ڕێژەی زۆری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانە

ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود؛

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە کوشتنی لەڕادەبەدەری کۆڵبەران لە سنووری نوسوود بە کوردپای ڕاگەیاندبوو؛ " لە مانگەکانی ڕابردوودا سنووری نەوسوود لە بەراورد لەگەڵ پێشتر کە تۆزێک ئازادتر بوو و کۆڵبەران دەیانتوانی پێێدا هاتوچۆ بکەن بەسترابوو، هەروەها کۆڵبەرێکی زۆر لە شارەکانی ئیلام، سەرپێڵ زەهاو، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، ڕوانسەر، شارەکانی کرماشان و ... بۆ کۆڵبەری دێن بۆ شاری پاوە و سنووری نەوسوود و ئەمە بووەتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی کۆڵبەران لەم سنوورەدا."

ناوچە سنوورییەکانی بانە؛ لە هۆکاری زۆربوونەوەی کۆڵبەران تا سیاسەتی حکوومەتی کە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکانە

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە سنووری بانە، هاتوچۆ لەم ناوچە سنوورییانە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەران بە کوردپای وت، هاوردەکردن لە سنووری بانەوە هەمیشە هەبووە و جاروبار سنوورەکانی ئەم ناوچەیە کەم و زۆر کراوە بوون، بەڵام لە ساڵەکانی دواییدا و بەتایبەت لە ساڵی ٩٥ەوە ناوچە سنوورییەکانی بانە و بازاڕی گەورەی بانە کە تەنانەت لە شارە گەورەکانی ئێرانەوە مشتەرییان هەیە، بازاڕی خۆیان بەهۆی سیاسەتەکانی حکوومەتەوە لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەران لە سنووری بانە، کراوەبوونی ئەم سنوورە وەکوو سنووری کراوە لە پارێزگای کوردستانە. ئەو دەڵێ زۆربەی کۆڵبەران بانەیی نین و لە شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، دیواندەرە، کرماشان و لەم نێوانەشدا هاووڵاتییانی فارس لە شارەکانی قەزوێن و زەنجان کۆڵبەری دەکەن. تەنانەت کەسانێکی ئەفغانستانیش هەبوون کە کاری کۆڵبەرییان کردووە.

ئەم سەرچاوە دەڵێ، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەران، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژرانیشیانی بە دواوە بووە، بەڵام لەلایەکەوە سەرچاوەکانی کۆماری ئیسلامی سێ هۆکار لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەقەکردن لە کۆڵبەران ڕادەگەینن؛

یەکەم؛ بە وتەی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕێژەیەکی زۆری کۆڵبەر ژمارەیەکی زۆر کەرەستە کە بەپێی یاساکانی ئێران قەدەغەن هاوردەی وڵات دەکرێن. لەوانە خواردنەوە ئەلکولیەکان، چەک و کەرەستەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر کە ئەڵبەتە تەنیا هاوردەکردنی خواردنەوە ئەلکولیەکان دەتوانێ ڕاست بێت و شتەکانی دیکە تەنیا ئیدعای حکوومەتە.

دووهەم؛ لە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١دا دوو کەس لە هێزی نیزامییەکان لە سنووری بروێشکاونی بانە کوژراون. سەرچاوە حکوومەتییەکان ئیدعا دەکەن ئەم دوو کەسە لەلایەن هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون. لەحاڵێکدا ئێستا ڕوون بووەتەوە کە ئەم دوو کەسە لەلایەن دوو کەس لە هێزەکانی خۆیانەوە بە هۆی دەرگیربوون لەسەر وەرگرتنی بەرتیل لە کۆڵبەران و کەسانی قاچاخچی کوژراون و تەنانەت شوێنی گولـلەی دۆشکا لەسەر ماشینی ئەم هێزانە بووە کە تەنیا دەتوانێ هی خودی هێزە نیزامییەکان بێ. دوابەدوای ئەم ڕووداوە زۆربەی چەکە ساچمەییەکان کە پێشتر بۆ پێشگرتن لە هاتوچۆ لە سنوورەوە بە هێزەکان دەدرا کۆ کرانەوە و ئێستا زیاتری هێزەکان چەکی کڵاشینکۆف و ژ٣یان هەیە.

سێهەم؛ هاوینی ١٤٠١ و لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی چەند کەسێک لە ورمێ، حکوومەت ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەم کەسانە "سەر بە ئیسرائیل" بوونە و کەرەستەی پێویستیان لە ڕێگەی کۆڵبەرانەوە هاوردەی ئێران کردووە.

لەحاڵێکدا کە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم ئیدعایە نەبووە و خەڵک دەزانن کە حکوومەت هەرکات لە دەرەوەی ئێران لەژێر گوشاردا بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵک لە نێوخۆی ئێران دەکاتە ئامانج.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە