ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا هەڵسوکەوتی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نوێنەرانی کوردپا لە مەقەڕی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەحکووم دەکا

16:22 - 4 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی ٥٢ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، دوکتور کۆچەر وەلەدبەیگی وەکوو نوێنەری کوردپا بە جلوبەرگی کوردییەوە لەم دانیشتنەدا ئامادە بوو. ئەمە کاردانەوەی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی بەدواوە بووە بە جۆرێک کە پێش لە دەسپێکی وتەکانی د.کۆچەر و لە کاتی قسەکانی ناوبراودا بە شێوازی جیاواز هەوڵیان دا کە بە گوشاری فیزیکی و دەروونی ناوبراو بخەنە ژێر گوشارەوە و قسەکانی ناوبراویان تێک دەدا.

کۆماری ئیسلامی کە یەکێک لە دوژمنانی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، نوێنەرگەلێکی لە قاڵبی ڕێکخراوی نادەوڵەتی بۆ دانیشتنەکانی شۆرای مافی مرۆڤ ناردووە. ئەم کەسانە کە ساڵ بە ساڵ ڕێژەشیان بەرز دەبێتەوە، مەئموورییەتیان هەیە تاکوو بەرگری لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بکەن و هاوکات بە شێوازی جیاوازی فیزیکی و دەروونی نوێنەرانی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەخەنە ژێر گوشارەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانیان لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خوازیاری ئەوەیە کە گرینگیی تایبەت بەم جۆرە کردەوانەی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بدرێت و ئیزن نەدرێت کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە دووپات ببنەوە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە قاڵبی ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکاندا لە دانیشتنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەلاڕێدا ببا.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا