لەسێدارەدرانی ٢ هێندەیی زیندانییانی کورد و بەلووچ و ٥ هێندەیی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٤٠١

12:02 - 3 خاکەلێوه 2723

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە زنجیرە ڕاپۆرتێکدا، پەرژاوەتە سەر بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان، لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی و کەمینەکان لە ساڵی ١٤٠١ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن کوردپاوە؛

جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ساڵی ١٤٠١ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٠، ٦٤ لەسەد بەرز بووەتەوە.

جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا ٥ هێندە بەرز بووەتەوە. لەحاڵێکدا کە لە ساڵی ١٤٠٠ حوکمی لەسێدارەدرانی ٢ زیندانیی سیاسی جێبەجێ کراوە.

جێبەجێکرانی حوکمی لەسیدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کورد ٤ هێندە بەرز بووەتەوە.

جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییانی کورد و بەلووچ بۆ تاوانە گشتییەکان ٢ بەرابەر بەرز بووەتەوە.

ئاماری گشتیی لەسێدارەدران لە ساڵی ١٤٠١:

٥٨٢ حاڵەتی سزای لەسێدارەدران لە ساڵی ١٤٠١ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە.

لەم نێوانەدا ١٦٤ کەس بەلووچ، ٦٢ کەس کورد، ١٣ کەس ئەفغان، یەک کەس تورکمەن و یەک کەسیش پاکستانی بووە.

٢ کەس لە لەسێدارەدراوان منداڵ بوونە. (ئومید عەلیزادە (بەلووچ)، یووسف میرزاوەند). لەسێدارەدرانی مێحراب ساڵحی لە زیندانی یەزدیش ڕاگەیەندراوە کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەویش منداڵ بووە.

١٢کەس لە لەسێدارەدراوان ژن بوون.

هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی ٦٢ هاووڵاتیی کورد، ٥ کەسی دیکەش لە زیندانی ورمێ و یەک کەسیش لە زیندانی کرماشان لە سێدارە دراون کە بە هۆی ناڕوونبوونی ناسنامە و شوناسیان بە شێوەی جیاجیا لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێ کراوە.

بەم پێیە، ٦٨ زیندانی لە کوردستانی ئێراندا لە سێدارە دراون کە کوردپا بەڕوونی لەسێدارەدرانی ٦٢ کەسیان پشتڕاست دەکاتەوە.

لەسێدارەدرانی ١٠ زیندانیی سیاسی: فیرووز مووسالوو(کورد)، موحسن قەنبەرزێهی(بەلووچ)،عەبدوڵڵا قەنبەرزێهی(بەلووچ)، موحسن شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەدمێهدی کەرەمی(کورد)، محەممەد حوسێنی، عەلیڕەزا ئەکبەری، سەرکەوت(ئارش) ئەحمەدی(کورد)، مەحیەدین ئیبراهیمی(کورد).

پێویستە ئاماژە بکرێ کە لەسێدارەدرانی ٧ کەس لە زیندانییانی سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە  جێبەجێ کراوە و نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە لەسێدارەدان وەکوو ئامرازی سەرکوت و چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە کەڵک وەردەگرێت.

٤ کەس لە زیندانییانی سیاسی بە ناوەکانی موحسن شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەدمێهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی بە هۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە سێدارە دراون و باقی زیندانییانی دیکە کە پێشتر بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوون لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا حوکمەکانیان جێبەجێ کراوە.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بۆ لەسێدارەدراوان:

زیندانیی سیاسی؛ ١٠ حاڵەت

تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر؛ ٢٨٩ حالەت

کوشتن؛ ٢٤١ حاڵەت

دەستدرێژی؛ ٣١ حاڵەت

موحاربە لە ڕێگەی دزیکردنی چەکدارانە؛ ٧ حاڵەت

کوشتنی بەئەنقەست و تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان؛ ٢ حاڵەت

موحاربە و کوشتنی بەئەنقەست؛ ١ حاڵەت

موحاربە؛ ١ حاڵەت

زیندان و شوێنی لەسێدارەدانی زیندانییان:

کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠١دا لە ٥٩ زینداندا حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە کە لێرەدا ئاماژە بەو زیندانانە دەکرێ کە زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدان تێیاندا جێبەجێ کراوە.

زیندانەکانی زاهێدان و شیراز بە زیاتر لە ٦٠ لەسێدارەدراو زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانیان هەیە.

زیندانەکانی کەرەج و ڕەجایی شار بە ڕیز، بە ٥٠ و ٤٦ لەسێدارەدراو لە ڕیزی دووهەمدا جێگا دەگرن.

زیندانەکانی ئەراک و ورمێ و ئێسفەهان لە ڕیزی سێهەمدان.

ـ ناوەکان و زانیارییەکانی ئەم ئامارە لەلای کوردپا تۆمار کراوە.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە