بانە؛ هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا

10:46 - 3 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهزاد عەزیزی" تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی جەماڵ خەڵکی گوندی "دەرگای شێخان" سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.

 سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕایگەیاند، بێهزاد عەزیزی لە کاتی گەڕانەوە بۆ شوێنی ژیانی خۆی لە گوندی "دەرگای شێخان" لە ڕیگای بانە - بوین لە خاڵی پشکنینی "کەریم ئاوا" کە لەم دواییانەدا و دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان دانراوە، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لەم ڕووداوەدا چەن گولـلە بەر سەر و لاشەی ئەم لاوە کەوتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش ئەم ڕووداوە هاووڵاتییانی ناڕازی هێرشیان کردووەتە سەر پاسگای "کەریم ئاوا" و ئاگریان تێ بەرداوە.

تەرمی بێهزاد عەزیزی ڕاگویزراوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.