پیرانشار؛ زانیار توندڕەو، ناڕازییەک کە بینایی چاوی خۆی لەدەست دا

15:41 - 2 خاکەلێوه 2723

زانیار توندڕەو، کوڕی حەمزە و خەدیجە خەڵکی پیرانشار، خەزەڵوەری ١٤٠١ لە درێژەی بزووتنەوەی ئینقلابیی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی چاوی ڕاستی خۆی لەدەست دا.

زانیار دوو جار لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا بەتەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار کراوە.

ناوبراو یەکەم جار لە شەوی گیانلەدەستدانی زەکەریا خەیاڵ، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی پیرانشار بە فیشەکی ساچمەیی دەست و سینگی بریندار ببوو و لە ماڵەوە چارەسەری پزیشکیی بۆ کرابوو.

شەوی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، زانیار توندڕەو بۆ جاری دووهەم لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان شان، دەست و چاوی بەتوندی بریندار ببوو.

زانیار لەم ڕووداوەدا بینایی چاوی ڕاستی لەدەست داوە و دۆخی چاوی چەپیشی لە مەترسیدایە.

ئەم لاوە ١٨ ساڵەیە لە ناوەندە دەرمانییەکانی پیرانشار، ورمێ، تەورێز و شیراز چارەسەری پزیشکیی بۆ کراوە.

زانیار توندڕەو بە هۆکاری ئەمنییەتی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناچار بە چوونەدەرەوە لە ئێران بووە.

زانیار توندڕەو لەدایکبووی یەکی خاکەلێوەی ١٣٨٤ لە پیرانشارە.