نوێنەری کوردپا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان پێشکەش کرد

11:24 - 2 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوکتور کۆچەر وەلەدبەیگی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە دانیشتنێک لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لە بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

دانیشتنی "دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، شەش مانگ دوای دەستپێکی خۆپیشاندانەکان"، لەلایەن کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مافە مرۆییەکان و بە بەشداریی د. جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، بەڕێوە چوو.

دوکتور کۆچەر وەلەدبەیگی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لەم پەنێلەدا، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوایین دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان پێشکەش کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژێنێڤ، نوێنەری کوردپا بە نوێنەرایەتیی چەند ڕێکخراوی مافی مرۆیی، لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان، قسەی کرد.