درۆی میدیاکانی حکوومەت پاش لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی

11:13 - 1 خاکەلێوه 2723

پاش بەرزبوونەوەی ٤ بەرابەریی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵی ١٤٠١ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٠ و مەحکوومکرانی ئەم حوکمە دژەمرۆییانە لەلایەن بیروڕای گشتی و ناوەندە مافی مرۆییەکانەوە، کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم گوشارانە دەستەوداوێنی درۆ و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان بووە.

ڕۆژێک پاش لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی، هەواڵدەرییەکانی مێهر و تەسنیم، دوو هەواڵدەریی سەر بە کۆماری ئیسلامی نووسییان کە میدیا دژبەرەکان مەحیەدین ئیبراهیمییان وەک کۆڵبەر ناساندووە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە میدیا مافی مرۆییەکان و دژبەری ئێران براکەی مەحیەدین ئیبراهیمییان بە کۆڵبەر ناساندووە و جەختیان کردووەتەوە کە باوک و برای مەحیەدین ئیبراهیمی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و خۆشی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراوە.

ئەم میدیا حکوومەتییانە جگە لە تێکدانی ڕاستییەکان، باسیان لە ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادڕەسیی دۆسییەکەی مەحیەدین ئیبراهیمی نەکردووە و تەنانەت ئاماژەشیان بەوە نەکردووە کە پارێزەرێک کە لەلایەن خودی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ناوبراو دیاری کراوە لە یەکەمین لایحەی دادگادا و لە بەرگری لە مەحیەدین ئیبراهیمیدا تۆمەتی "بەغی"ی بۆ ناوبراو ڕەت کردووەتەوە.

ئەم میدیا حکوومەتییانە ڕایانگەیاندووە کە "سەرەڕای تۆمەتی قورس" و پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، مەحیەدین ئیبراهیمی نەکەوتووەتە بەر لێخۆشبوون، بەڵام ئاماژەیان نەکردووە ئەگەر تۆمەتەکانی قورس و ڕوونە، بۆچی یەک جار لە دیوانی باڵای وڵاتدا حوکمەکەی ڕەت دەکرێتەوە؟ بۆچی لە قۆناغەکانی یەکەمدا، ئیزنی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە؟ بۆچی داخوازیی پێڕاگەیشتن لەلایەن پارێزەرەکانییەوە ڕەت کرایەوە؟ بۆچی لە ساڵی ١٤٠١ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی ٤ بەرابەر زیادی کردووە؟ بۆچی تەرمی زیندانییانی سیاسی ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکرێتەوە؟ و بۆچی کۆماری ئیسلامی وڵامدەری هیچ ناوەندێکی مافی مرۆیی، تاک و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیی لەسێدارەدراو نییە؟

دەبێ ئاماژە بکرێ کە کۆماری ئیسلامی لە ئێعدام وەکوو کەرەستەی توندوتیژی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگە کەڵک وەردەگرێت و پاش بزووتنەوەی ئینقلابیی ژن، ژیان، ئازادی زیاترین کەڵکی لە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی وزیندانییانی تۆمەتبار بە تاوانە گشتییەکان  وەرگرتووە، بە شێوەیەک کە گەشەی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی ٤ بەرابەر و گەشەی لەسێدارەدانی زیندانییانی تۆمەتبار بە تاوانە گشتییەکان بەنیسبەت ساڵی ١٤٠٠ دوو بەرابەر بووەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا. کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆی بوارد و مەحیەدین ئیبراهیمی لە شوێنێکی نادیاردا بە خاک سپێردرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانیی ورمێ ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمە بۆ ئاخرین جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

مەحیەدین ئیبراهیمی دوو جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام کرابوو و پاش ئەوەی کە بۆ جاری یەکەم حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە، جاری دووهەم حوکمەکەی لە دیوانی بالای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە و داخوازیی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەش ڕەت کرایەوە.

ڕەتکرانەوەی داوای پێڕاگەیشتنی حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی؛

پاش ئەوەیکە جاری دووهەم حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە، پارێزەرەکانی ناوبراو لەوانە عەلی عەلیزادە داوای پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسییەکەی ناوبراویان کرد کە ڕەت کرایەوە.

حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ئەوەیکە جاری یەکەم لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە، جاری دووهەم پشتڕاست کرایەوە؛

خەرمانانی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و دواتر نێردرایە دادگای شوێنی ژیانی ناوبراو.

ئەم زیندانییە سیاسییە جاری دووهەم و پاش ئەوەیکە یەکەم جار دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کرایەوە و بۆ بەدواداچوونی دووبارە نێردرایە لقی هاوتەریب، لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و عەلیڕەزا ئاقازادە بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا. ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی قاچاخی خواردنەوە ئەلکولییەکان بە پێدانی ٧ میلیارد تمەن پارەی نەخت و ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و لە دادگادا تەنیا ئەم تۆمەتەی قەبووڵ کردبوو و بەرگریی پارێزەرەکەشی بە ناوی فەتحوڵڵا شەربەتی هەر لەم ڕاستایەدا بووە.

ڕەتکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵات بۆ جاری یەکەم؛

حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ئەوەیکە بۆ یەکەمین جار لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە لەسێدارەدران مەحکوم کرابوو، لە ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵا وڵاتدا ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بۆ بەدواداچوونی دووبارە بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرایەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی ٢٩ی گەلاوێژی ٩٧، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو"، بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ٩٧ حوکمی لەسێدارەدران بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

دەسبەسەرکرانی مەحیەدین ئیبراهیمی بە برینداری؛

مەحیەدین ئیبراهیمی ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦ دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار بوو و دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش برینداربوون بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ گوازراوەتەوە بەڵام بە بێ تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەری و پاش دو ڕۆژ، بەمەبەستی لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ. مەحیەدین ئیبراهیمی ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم گرتنگەیەدا لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە.

ناوبراو ساڵی ٩٨ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران" و پاش تێپەڕاندنی ماوەی مەحکوومکرانەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

مەحیەدین مەلائیبراهیمی گردکشانە ناسراو بە مەحیەدین ئیبراهیمی کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری شنۆیە.