بانگهێشتکردنی ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەیی بەبۆنەی چاندنی زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار نەمام لە کوچکەڕەش

16:13 - 29 رەشەمه 2722

ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەیی شاری سنە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەیی سنە، زیاتر لە ٥ هەزار نەمامیان بۆ چاندن لە کێوی "کوچکەڕەش"ی سنە، لە شاری ئیلام هێنابوو، کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە لەمەڕ چاندنی ئەو ٥ هەزار نەمامە، لە کێوی کوچکەڕەش، ڕایگەیاند: بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی کێوی کوچکەڕەش، کۆمەڵێک لە خەڵکانی هەلپەڕەست لە هەوڵی ئەوەدان، دەست بەسەر هێندێک لە خاکی کوچکەڕەشدا بگرن، کە نزیک ٣٠ هێکتار دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لەو پەیوەندییەدا، چالاکانی ژینگەیی بەمەبەستی پێشگرتن لە خەڵکانی هەلپەرەست، لە شاری ئیلام زیاتر لە ٥ هەزار نەمامیان هێناوە کە وەکوو پشتێنێک بە دەورووی کێوی کوچکەڕەشدا، بیچێنن و پێش بە بەتاڵانبردنی زەویی ئەو کێوە بگرن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەند کەس لەو چالاکە ژینگەیانەی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوون.