پاوە؛ فیرووز میرانی، ئەو هونەرمەندە کوردەی کە بە تاپڕ لە چاویان دا مەترسیی لەدەست‌دانی یەکێک لە چاوەکانی هەیە

09:32 - 29 رەشەمه 2722

شاری پاوە لە باکووری شاری کرماشان هەڵکەوتووە و مەدوای نێوانی ئەو دوو شارە ١١٢ کیلۆمترە، لە یەکەم ڕۆژەکانی قەتڵی حکوومەتیی ژینا-مەهسا ئەمینی، خەڵکی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین ڕژانە سەر شەقامەکان و لەئەنجامدا زیاتر لە ٢٠ کچ و کوڕی لاو لەلایەن هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرەڕای دەسبەسەرکرانی خۆپێشاندەران، چەندین هاووڵاتیی دیکە شەوانە بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان دەسبەسەرکران و دواتر بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە و دانانی بارمتە ئازاد کران.

هاوکات، چەندین هاووڵاتیی دیکە لە خۆپیشاندانەکان و ڕووداوەکانی دواتردا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بریندار کران.

ئاژانسی کوردپا؛  لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، چیرۆکی هونەرمەندێکی برینداربووی شەوی ٩ سەرماوەزی ١٤٠١، پاش شایی و خۆشیی هاووڵاتییان لە دۆڕانی یاریی نێوان ئێران و ئامریکا، دەگێڕێتەوە.

چۆنیەتیی بریندارکردنی هەر دوو چاوی فیرووز میرانی بە چەکی تاپڕ لەلایەن هێزی خۆجێیەوە(جاش)؛

فیرووز میرانی، کوڕی عەبدولمەجید و ڕەبابە، لەدایکبووی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٧٢، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری باینگان سەر بە شاری پاوە، پاش دۆڕانی تیمی ئێران لە یاریی تۆپی پێی نێوان ئێران و ئامریکا، لەلایەن یەکێک لە هێزە لیباس شەخسی(خۆجێیی)ـیەکانەوە، بە چەکی تاپڕ تەقەی لێ دەکرێت و هەر دوو چاوی بریندار دەبێت.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا بەم شێوەیە چیرۆکی برینداربوونی ئەو هونەرمەندە کوردە لە کاتی برینداربوونەکەی، بۆ کوردپا دەگێڕێتەوە: شەوی ۹ی سەرماوەزی ۱٤۰۱، لە کاتی تەواوبوونی موسابقەی فووتباڵی ئێران و ئامریکا، خەڵک بە دۆڕانی تیمی ئێران دەستیان بە شایی و خۆشی کرد، فیرووز میرانی لەنێو ماشینەکەی خۆیدا بوو و پاش هاتنەدەرەوە بۆ نێو شایی و خۆشییەکە، مەئموورەکان هاتن و خەڵکەکە هەڵاتن، بەڵام فیرووز لەوێ ڕاوەستا و هەڵنەهات. لە ئەنجامدا لەلایەن یەکێک لە هێزە لیباس شەخییەکان(جاش)ـەوە، کە خەڵکیش دەیناسێت، بە چەکی تاپڕ تەقەی لێ کرا و هەر دوو چاوی بە سەختی بریندار بوون.

دەرمانی فیرووز میرانی بە دۆسییەی کۆڵبەری لە نەخۆشخانە، بەهۆی مەترسیی دەسبەسەرکردنی؛

ئەو ڕووداوە لە سێڕێیانی نەخۆشخانە، ڕووبەڕووی ئاگرکوژێنەوەی شاری پاوە ڕووی دا و فیرووز بە برینداری گەیەندرایە ماڵی خۆیان و بنەماڵەکەشی لەبەر مەترسیی دەسبەسەرکردنی ڕەوانەی نەخۆشخانەیان نەکرد، دواتر لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە، بە ناوی کۆڵبەری دۆسییەی پزشکیی بۆ کرایەوە. لە ئەنجامدا ئەو هونەرمەندە بەهۆی قورسیی برینەکانی چاویەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی کرماشان کرا.

گواستنەوەی فیرووز میرانی بۆ سێ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکانی و ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەریی چاو؛

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند؛ فیرووز میرانی بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە نەخۆشانەی "خومەینی"ی کرماشانەوە بۆ نەخۆشخانەی "فارابی"ی تاران گواسترایەوە. ناوبراو لە نەخۆشخانەی تاران بۆ ماوەی نزیک بە ٥ ساعەت تەرمیمی چاویان بۆ کرد، دوابەدوای چوار نەشتەرگەری، شەبەکەی چاو و جیابوونەوەی شەبەکەی چاوی چەپ، جۆرێک لە ڕۆنی مەسنووعیان بۆ بەکار هێنا.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو؛ ئەو هونەرمەندە کوردە، ئێستا تەنیا لە قەترەیەک بە‌ناوی "فرمێسکی مەسنووعی" بۆ وشکنەبوونی چاوی ڕاستی کەڵک وەردەگرێت؛ هەروەها چاوی چەپیشی سەرەڕای چەند جار نەشتەرگەری چاک نەبووەتەوە و پێویستە تا شەش مانگ جۆرە ڕۆنێکی تێدا بێت.

هەنووکە ماوەی دوو مانگە ئەو ڕۆنە لە چاویدایە و چوار مانگی دیکە دەبێت نەشتەرگەریی چاو ئەنجام بداتەوە، تاکوو ڕۆنەکە دەربهێنن و بزانن چەند لەسەدی چاوی چەپی بیناییەکەی بە دەست دێنێتەوە.

هەوڵدانی ناوەندە ئەمنی - قەزاییەکان بۆ بەکەمئەندام ناساندنی فیرووز میرانی؛

سەرچاوەی کوردپا پشتڕاستی کردەوە؛ هێزە ئەمنی ـ سەرکوتکەرەکان دوای بڕینداربوونی چاوەکانی فیرووز میرانی هەوڵیان ‌دا، ئەو هونەرمەندە کوردە وەکوو کەمئەندامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بناسێنن و تۆماری بکەن، بەڵام ناوبراو، ئەو داواکارییەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕەت ‌کردەوە.