سێ زیندانیی سیاسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران

23:20 - 28 رەشەمه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ئیسماعیل محەممەدپوور، خزر قادری‌ئازەر و نەجمەدین سوخەنوەر، سێ زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری پیرانشار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەم سێ زیندانییە سیاسییە دوابەدوای دەرکردنی بەخشنامەی "لێبوردن و کەمکردنەوەی سزای گشتی" لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە ٣٠ی بەفرانباری ٩٩ لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کامەیان بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

ئیسماعیل محەممەدپوور شەوی یەکشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٩ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە، ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

خزر قادری‌‌ئازەر ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و سەرەتاکانی بەفرانباری ٩٩ پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.

نەجمەدین سوخەنوەر، شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٩ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە نیوەی مانگی سەرماوەزی ٩٩دا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.