ئیلام؛ ئەحمەد عەلیزادە بە زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا

11:04 - 28 رەشەمه 2722

ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای وەرزشی قوتابخانە دواناوەندییەکانی ئاودانان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی" بە زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا.

ئەم مامۆستا تەمەن ٥٠ ساڵە، لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتەکانی "دروستکردنی دەستە و گرووپی زیاتر لە دوو کەس بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیزی، ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، دوو ساڵ دوورخرانەوە لە کار، دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری فنوج سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ماوەی ٢ ساڵ مەحکووم کراوە.

ئەحمەد عەلیزادە لە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسراوە.

ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمە بەم مامۆستایە ڕاگەیەندراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی دەکرێ لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلامدا پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێ.

خەرمانانی ئەمساڵ، ئەحمەد عەلیزادە، لەلایەن لێژنەی سەرەتایی بەدواداچوون بۆ تاوانە ئیدارییەکانی کارمەندانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزمی گشتی، گوێنەدان بە موئمووران لەکاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیان، تێکدان و ئاگرتێبەردانی شوێنەکانی شار و لیدەربوونی حەشیمەتی تێکدەری تەناهیی نەتەوەیی وڵات" خانەنشین کرابوو.

ئەحمەد عەلیزادە، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم مامۆستایە ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانباریش پاش بانگهێشتکران بۆ دادگوستەریی ئەم شارە بە فەرمانی دادستان دەسبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرابوو.