سنە؛ ئومید موشیرپەناهی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

00:22 - 25 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، ئومید موشیرپەناهی ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتیی نۆژین بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

ئومید موشیرپەناهی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە زمانی کوردی وڵامی هێزە ئەمنییەتییەکانی داوەتەوە و بەم هۆیەوە کەوتووەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئومید موشیرپەناهی لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمە تا ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە لە ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی دەستی دابووە مانگرتنەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕەشەمە ئومید موشیرپەناهی پاش بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئومید موشیرپەناهی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.