حوکمی تەوحید دەرویش لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە

19:52 - 24 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات حوکمی ١٠ ساڵ زیندان هاوکات لەگەڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەهواز و دانی ٥ میلیارد تمەن پارە لە حەقی بانکی تەوحید دەرویش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "گرناوێک"ی سەر بە بەشی قوتووری شاری خۆی ڕەت کردەوە.

بە قەبووڵکردنی داواکاریی ئەم هاووڵاتییە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات، دۆسییەی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە نێردرایە لقی هاوتەریب.

لە دادنامەی دیوانی باڵای وڵاتدا هاتووە: پێکهێنەری تاوانی موحاربە کەڵکوەرگرتن لە چەک بە مەبەستی هەڕەشە بۆ سەر گیان، ماڵ و نامووسی خەڵک یان ترساندنی ئەوانە کە ئەڵبەتە ترساندن لەگەڵ هەڕەشە و کەڵکوەرگرتن لە چەک ڕوو ئەدات، بەپێچەوانەی ئەمە بێت ترس و دڵەڕاوکێ نایەتە ئاراوە و دادگا، ناوبراوی بە پێدانی ٥٠ میلیارد ڕیاڵ بۆ بانکی سپەهـی مەیدانی جەهاد تەورێز مەحکووم کردووە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەڕای کارناسی فەرمیی دادگوستەری، نووسراو لە لاپەڕەکانی ٨٣ هەتا ٨٩ی دۆسییە، زیانێک کە بەو بانکە گەیشتووە ١٧ میلیارد ڕیاڵ بەراورد کراوە، کەوایە بە پێی ڕێوشوێنەکان و ڕاپۆرتی سەرەوە دادنامەی کۆتایی بەمەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە لە دادگای هاوتەریبدا حوکمی دەرکراو بەپێی ماددەی ٤٦٩ی یاسا ڕەت دەکرێتەوە.

مەسعوود شەمس‌نژاد، لە پارێزەرانی دۆسییەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: "بەختەوەرانە پاش ناردنەوەی دۆسییەی بریگرتەکەی لوقمان (تەوحید) دەرویش مەحکوومکراو لە دادگای ئینقلابی تەورێز، دیوانی باڵای وڵات وێڕای قەبووڵکردنی بەرگرییەکانی من و هاوکاری بەڕیزم، ناوبراوی لە تاوانی وەپاڵدراوی موحاربە بێبەری ناسیوە و دادنامەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەت کردووەتەوە."

تەوحید(لوقمان) دەرویش، بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی تەورێزەوە بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەهواز و دانی ٥ میلیارد پارە بە بانک مەحکووم کرا.

تەوحید (لوقمان) دەرویش لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی تەورێزدا دەسبەسەر و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارەوە بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە هۆی بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی یەکێک لە بانکەکانی تەورێز ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر و بۆ وەرگرتنی دانپێدانی زۆرەملێ بەتوندی ئەشکەنجەیان کردبوو.

تەوحید دەرویش تەمەنی ٢٧ ساڵە و دوو منداڵی هەیە و شۆفێری ئێسنەپە. بنەماڵەی دەرویش پاش بوومەلەرزەی ڕەشەمەی ١٣٩٨ و تێکچوونی ماڵەکەیان ناچار بە بەجێهێشتنی گوندەکەیان و نیشتەجێبوون لە شاری خۆی بوون.