گواستنەوەی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری بۆ زیندانی سەقز

19:00 - 24 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەشی دابڕگە(قەرەنتینە)ی زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ڕاگواستنی خۆی بۆ بەشی دابڕگەی زیندانی سەقز کرد.

عوسمان ئیسماعیلی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندان، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی شوهەدای سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.