ئاریان خۆشگوار پاش ١١٨ ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا

17:23 - 24 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، "ئاریان خۆشگوار" خەڵکی شاری سنە، کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بەهۆی لێدانی باتووم و چەقۆی هێزە سەرکوتکەرەکان چووبووە کۆماوە، پاس ١١٨ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵەیە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی گەڕانەوە لە شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکاندا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە باتووم و چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر ئاریان خۆشگوار کە بەم هۆیەوە سەر و ڕانی ناوبراو بەتوندی بریندار بووە و دواتر بە ماتۆڕسیکلێت بەسەریدا ڕۆیشتوون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا زیادی کرد: پاش ئەو ڕووداوە و بەجێهێشتنی ئاریان بە برینداری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، هاووڵاتییەک ناوبراوی بە برینداری بردووەتە ماڵەوە کە ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا، بنەماڵەکەی لە برینداربوونی کوڕەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئەوەشی خستەڕوو: پاش چەند کاتژمێر و چۆڵکردنی گەڕەکی حاجیاوا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، بنەماڵەی ئاریان خۆشگوار کوڕەکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستبووەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لەو بارەیەوە دەڵێت: ئاستی وشیاریی ئاریان خۆشگوار پاش ٤٥ ڕۆژ خەواندن لە بەشی چاوەدێریی تایبەت، گەیشتبووە ٤ و دواتر پزیشکەکان لوولەی خۆراکپێدانیان (گاواژ) بۆ دانابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: شوێنی برینداربوونی جەستەی ئاریان پاش نەشتەرگەری تووشی ئاودووزکردنی توند هاتبوو کە بوو بەهۆی هەڵوەشاندەوەی تەقەڵەکانی نەشتەرگەری و هاتنەدەرەوەی ڕیخۆڵەی ئاریان.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمە، ئاریان خۆشگوار بۆ تەواوکردنی ڕەوتی چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاران کراوە و پاش بێ‌هیوایی پزیشکەکان لە چارەسەرکردنی ناوبراو و هێنانەوەی بۆ سنە، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩ی شەو، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها وتی: کاتژمێر چواری بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، ئاریان خۆشگوار لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا و پاش توێکاریی‌‌ جەستەی ئاریان لە پزیشکیی دادوەری، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردبووەوە.

پاش گیانلەدەستدانی ئاریان، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەڵێننامەیان لە دوو مامی ئاریان وەرگرتبوو کە لە بەمیدیاییکردن و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکان، خۆیان ببوێرن.