حوکمی لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە

16:11 - 22 رەشەمه 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە نێردرایە دادگای ئینقلابی ورمێ.

حاتەم ئوزدەمیر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری خۆی بەتۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

دانیشتنی کۆتایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حاتەم ئوزدەمیر، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆی بەڕێوە چووبوو.

حاتەم ئوزدەمیر، نیوەشەوی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٨ پاش دەرگیریی چەکدارانەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەم دەرگیرییەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی خومپارە بووراوەتەوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.