کات و لقی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سامان یاسین دیاری کرا

16:06 - 22 رەشەمه 2722

کات و لقی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان دیاری کرا.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" بەڕێوە دەچێت.

یەکێک لە نزیکانی ئەم گۆرانیبێژە کوردە بە کوردپای ڕاگەیاند: پاش ڕەتکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی سامان یاسین لە دیوانی باڵای وڵات، تۆمەتەکانی ئەم گۆرانیبێژە "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی وڵات" و "پێبوونی چەک بەمەبەستی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" ڕاگەیەندراوە.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە پێشتر بە "موحاربە" تۆمەتبار کرابوو کە لەم تۆمەتە بێتاوان ناسرا.

حوسێن سەرتیپی، پارێزەری سامان یاسین کە لەلایەن دادگاوە بۆی دیاری کراوە، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە "کاتی دادگا بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەی بریگرتەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابەوە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو نەکەوتووەتە بەر لێخۆشبوون."

سامان یاسین ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی دۆخی خۆی لە زیندانی ئێڤین دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و پاش هەفتەیەک لەسەر داوای بنەماڵە و هاوبەندییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەم گۆرانیبێژە کرماسانییە لە رێکەوتی ٨ی ڕێبەندان بۆ لیپرسینەوەی دووبارە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا و پاش مانگێک مانەوە لە بەندی ٩ی زیندانی ئێڤین، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گەڕێندرایەوە.

سەرەتاکانی بەفرانبار، داواکاریی ئەم گۆرانیبێژە کوردە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە راگەیەندرا و حوکمی لەسێدارەدانەکەی بە هۆی ناتەوابوونی لێکۆڵینەوەکان ڕەت کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، سامان یاسین بەهۆی دۆخی سەختی ڕاگیران لە سالۆنی ٣١ی ئەندەرزگای ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە ڕێگەی خواردنی حەبەوە دەستی دابووە خۆکوژی.

سامان یاسین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو و ٨ی سەرماوەز لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هونەرمەندە تەمەن ٢٧ ساڵەیە، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە دادگای گشتی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵەواتی" لەگەڵ ٨ دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی "محەممەد قوبادلوو، مۆحسێن ڕەزازادە قەراقلوو، سەعید شیرازی، محەممەد برووغەنی، ئەبولفەزڵ مێهری، حوسێن حاجیلوو، مەنوچێهر مێهماننەواز و سۆهەیل خۆشدڵ"، بەڕێوە چووبوو.

"سامان یاسین" لەو دادگایەدا بە "موحاربە لە ڕێگای تەقەکردن بە دەمانچە و  چەکی ژ٣" و "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی میللی" تۆمەتبار کرا.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو فیلمە کە لە دادگا بڵاو کراوەتەوە، سامان ڕوو لە دادوەر دەڵێت ئەو تەنیا "تفەنگ بادی" هەیە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانیگەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.