بەردوامیی ژاراوییبوونی قوتابییان؛ ئەمجارە نۆرە گەیشتە قوتابییانی گوندی بێساران

15:39 - 22 رەشەمه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمە، ژمارەیەک لە قوتابییانی قوتابخانەی گوندی "بێساران" سەر بە شاری سەوڵاوا، نزیک ١٥ قوتابی لە پۆلەکانی ناوەندی و سەرەتایی ژاراوی بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، لە قوتابخانەی بێساران ڕووی داوە و ئەو ١٥ قوتابییە کچە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها دەڵێت:  پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژاراویبوونی ئەم ١٥ کچە، هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەجێ گەیشتنە گوندی بێساران و ئیزنی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە و تەنانەت وێنەگرتنیان بە هاووڵاتییان نەدا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:  ژمارەیەک لەو قوتابییانە باری تەندروستییان جێگیر نییە و لە نەخۆشخانە لەژێرچاوەدێریی پزیشکیدان.

لەو پەیوەنییەدا، سەید سەمانە حوسێنی تەمەن ١٨ ساڵ و قوتابیی دواناوەندیی کچانی بێعسەتی شاری ڕێژاو، پاش ژاراویبوونی بە گازی سەمی بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستیی لە نەخۆشخانەی سەرپێڵی‌زەهاو، ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان کراوە.

ڕەوتی ژاراویکردنی قوتابییەکان لە قوتابخانەکانی ئێران لە شاری قوم لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، بۆ یەکەمجار لە هونەرستانی "نوور" لە شاری قوم دەستی پێکرد و تێیدا، ١٨ قوتابی ژاراوی بوون.

ئەو ڕووداوە بە شێوەی بەردەوام بەشێکی قوتابییانی قوتابخانەکانی سەرتاسەری ئێران و کوردستانی گرتەوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.

سەرەڕای بەردەوامیی ژاراویبوونی قوتابییانی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان و ناڕەزایەتیدەربڕینی بنەماڵەی قوتابییەکان، ناوەندە ئەمنییەتیی قەزاییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لە هۆکاری تووشبوونی قوتابییان خۆیان دەبوێرن و تەنانەت هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکان هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.