دوو چالاکی مەدەنیی یارسان بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەحنە کران

17:32 - 10 رەشەمه 2722

عەلی نەزەری و سەیدعەلی دەکەیی، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان بانگهێشتی لقی ١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو چالاکە مەدەنییە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بانگهێشتی لقی ١ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەحنە کراون و دادکۆکییان لە خویان کردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادگان.

ئەو دوو ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسانە ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵیادی سەید خەلیل عالی‌نژاد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون. عەلی نەزەری ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز و سەیدعەلی دەکەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

 هەروها عەلی نەزەری لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، لە خاڵی پشکنینی بێستوون - کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.