دۆسییەی موژگان کاوسی نێردراوەتە دیوانی باڵای وڵات

11:09 - 21 رەشەمه 2722

دۆسییەی موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی مافی زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران نێردراوەتە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار، ئەم لێکۆڵەرە پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتی و بێتاوان ناسران لە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائم شەهر ئازاد کرا.

موژگان کاوسی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ساری بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "چالاکی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" بێ تاوان ناسرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوەچوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرا.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.

موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومییەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.