حوکمی لەسێدارەدرانی ٤ زیندانی لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا

16:36 - 19 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەشەمە، حوکمی لەسێدارەدرانی چوار زیندانیی تۆمەتبار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی دوو کەس لەو زیندانییانەی "ساڵح قاسمی" کوڕی سۆفی خەڵکی گوندی "زیندەشت" سەر بە سەڵماس و "مەنسوور عەبدی‌زادە" کوڕی خالس خەڵکی "هەفتەوان"ی سەڵماس ڕاگەیاند.

ئەم چوار زیندانییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە شوناسی دوو زیندانییەکەی دیکە لەلایەن کوردپاوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئەم چوار زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوون.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم چوار زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مەنسوور عەبدی‌زادە و ساڵح قاسمی